مەشقی هاوبەشی سەگی پۆلیسی؛
سەگەکانی K9ـى پێشمەرگە لە ناو کونسوڵخانەی ئەمریکا مەشق دەکەن
964+
وریا فەتاح
کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، میوانداری یەکەی سەگی پۆلیسی (K9)ی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵبوونەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و هەولێر لە بواری پاراستنی ئاسایشدا.
یەکەی (K9)ی تایبەت بە دۆزینەوەی تەقەمەنی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، مەشقێکی هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی ئاسایشی هەرێمی و گرووپی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدا. مەشقەکە جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانی پێشمەرگە کردووەتەوە لە دەستنیشانکردنی مەترسییە تەقەمەنییەکان و پاراستنی سەقامگیری.
بەپێى راگەیەندراوێکى کونسوڵخانەى گشتیى ئەمریکا لە هەولێر، ئەم چالاکییە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا (Freedom250) کە بڕیارە لە تەممووزی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
کونسوڵخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە ئەم جۆرە هاوکارییانە نموونەی ئەو بەها هاوبەشانەیە کە لە ماوەی دوو سەدە و نیوی رابردوودا پەیوەندییە جیهانییەکانی ئەمریکای پێناسە کردووە.
“ئەمە بەشێکە لە هاوبەشییە بەردەوامەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە.”، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر وای بڵاوکردووەتەوە.