ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:

“دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێم لەلایەن پلاندانانی فیدڕاڵەوە رەتدەکەینەوە”

964+

شۆڕش قادری

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، حکومەتی عێراق پابەند نییە بەو سەرژمێرییەی کە ساڵی 2024 ئەنجامدرا و رێژە دانیشتووانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵەوە دەستکاری کراوە، بۆیە رەتیدەکەنەوە و هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11.2.2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەپێی  راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لە بڕگەی یەکەمدا وەزیری پلاندانان، راپۆرتێکی لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستووەتەڕوو کە مانگی 11ی ساڵی 2024 ئەنجامدراوە، کە بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، “وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی رێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، رەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە رێکاری بەپەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی”.

داوایش لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و رێژەی دانیشتووانی هەرێم کە %14.1ـە، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی.

دەقی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە خوارەوە؛

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/11، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆ بووەوە .

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی 11ی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ( جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کرا.
ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کرا و حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر بابەتی سەرژمێریی و لێکەوتەکانی، ئەنجومەنی وەزیران، وێرای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ە .

لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان ، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی کەم بکرێتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم کە %14.1ە ، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیيان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ی دەستوور و یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2025 ی هەمواری یاسای زیندانیيانی سیاسیی عێراق، لەمبارەیەوە سەرەتا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پوختەیەکی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی دەستووریی و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەکەی خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمیی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی کە بە گوێرەی ماددەی 132 ی دەستوور ، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەستووریی حکومەتی فیدڕاڵیە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسیی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو.

ژمارەی دانیشتووانی هەرێم زیاترە لە شەش ملێون کەس

ژمارەی دانیشتووانی هەرێم زیاترە لە شەش ملێون کەس