بەنزینخانەیەک دەبێتە میوانخانە
چاڵێک بووەتە کابوسى شۆفێران؛ شەوانە 10 ئۆتۆمبێل پەکدەخات
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
چاڵێک لەسەر رێگای نێوان (قەرەهەنجیر – بانی مەقان) بووەتە “داو” بۆ شۆفێران؛ شەوانە بە لێشاو تایە دەتەقێنێت و خاوەن بەنزینخانەیەکیش دەڵێت، “شوێنەکەم بووەتە هۆڵی میوانداری بۆ لێقەوماوان”.
نەوزاد ئیسماعیل، خاوەنی بەنزینخانەی جیهان کە نزیکە لەو چاڵوچۆڵییە، چیرۆکەکە بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت: شەوانە بەنزینخانەکەم دەبێتە هۆڵ، چونکە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل بەهۆی ئەو تاسەیەوە تایەیان دەتەقێت، زۆربەشیان خەڵکی دەرەوەی شارن و شارەزای رێگاکە نین.
بە وتەی نەوزاد، دیمەنەکە شەوانە ناخۆشە، خێزان هەیە جەکی نییە ئۆتۆمبێلەکەی بەرزبکاتەوە، ناچار ژن و منداڵ دێنە ژوورەکەی من دادەنیشن و خۆم بە ویل سپانە و جەکەوە هاوکارییان دەکەم و تایەکانیان بۆ دەگۆڕم.
لای خۆیەوە شاکر مەحمود، لێپرسراوی ئەندازیارانی رێگاوبانی کەرکوک گرفتەکەی خستە ئەستۆی بەغدا و بە 964ی وت، “رێگای دووسایدی قەرەهەنجیر – بانی مەقان پێویستی بە فراوانکردن و قیرتاوکردنەوە هەیە و پلانی بۆ دانراوە کە تێچووەکەی 28 ملیار دینارە”.
بە وتەی ئەندازیارەکە، بەغدا بودجەیان بۆ نانێرێت، بۆیە ئەوان ناچارن تەنیا بەشێوەی کاتی چاڵ و تاسەکان پڕبکەنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح