ئى پسوولە چییە؟

ئی-پسوولە راگەیەنرا؛ “دەستکەوتێکی نیشتمانییە بۆ هەموو عێراق”

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ سێشەممە (10ـی شوباتی 2026)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پڕۆژەی (ئی-پسوولە) وەک سەکۆیەکی فەرمی بۆ پارەدانی دیجیتاڵی راگەیەنرا.

لە پانێڵێکی تایبەتدا بە ناونیشانی “گەشتی دیجیتاڵی، لە دیدگاوە بۆ جێبەجێکردن”، سەرۆکوەزیران چەند پەیامێکی گرنگی ئاڕاستەی هاووڵاتییان و کەرتی بازرگانی کرد کە ئەمانەن:

ئی-پسوولە” تەنیا بۆ هەرێم نییە، بەڵکو هەموو عێراق دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.

ئابووریی وڵاتان بە پارەی نەختینە (کاش) بەرەوپێش ناچێت، دەبێت سیستەمی دیجیتاڵی پەرەپێ بدەین.

ئامانجی پڕۆژەکە ئاسانکارییە بۆ هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازیی جوگرافی.

ئی-پسوولە چییە و چۆن کار دەکات؟

ئەم سەکۆیە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات پسوولەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی ببینن و بیدەن، بێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی فەرمانگەکان بکەن.

گرنگترین خاڵەکانی پڕۆژەکە:

ئاسایشی هەژمار: سیستەمەکە ناتوانێت خۆکارانە پارە لە هەژمارەکەت ببات، تەنیا کاتێک پارە دەبڕدرێت کە خۆت ڕەزامەندی بدەیت.
پارەدان بە قیست: ئەگەر لایەنی پسوولەبڕ ڕێگەی دابێت، دەتوانیت بەشێکی پارەکە یان بە قیست بیدەیت.
بێ کرێی زیادە: هیچ بڕە پارەیەک وەک باج یان کرێ ناچێتە سەر پسوولەکە لە کاتی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
وەزارەتی کارەبا: لە ئێستادا دەتوانیت پارەی “ئێستا” (دوای پڕۆژەی ڕوناکی) و “قەرزی پێشوو” لە ڕێگەی ئی-پسوولەوە بدەیت.
هەر بەپێى سیستەمەکە، ئەگەر هاووڵاتییان نەیانەوێت بە دیجیتاڵی پارە بدەن، هێشتا دەتوانن بە شێوەی نەختینەیی (کاش) لە نووسینگەکانی پسوولەبڕ و فەرمانگەکان مامەڵەکانیان ڕایی بکەن.

"ئی-هەڵسەنگاندن" نمرەی زیاتر لە ملیۆنێک قوتابی بڵاوکردەوە