لە ئیتاڵیا بۆیان کڕدرا
پاڵەوانانی ئاگرکوژێنەوە راهێنان لەسەر ئۆتۆمبێلە زەبەلاحە دەکەن
964+
شۆڕش قادری
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە راهێنان لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە زەبەلاحە دەکەن کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ئیتاڵیاوە بۆیان کڕدرا و رادەستیان کرا.
وەزارەتی ناوخۆی کوردستان ڤیدیۆی راهێنانەکانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، لەگەڵ گەشەکردنی کوردستان و زیادبوونی باڵەخانەی بەرز، سێ تاوەری ئاگرکوژاندنەوە و رزگارکردن بە بەرزی 100 مەتر بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی هەولێر، سلێمانی، و دهۆک لە داهاتی وەزارەتی ناوخۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا کڕدرا.
دوای گەیشتنی هەرسێ تاوەر، لە ئێستا لە پەیمانگەی بەرگری شارستانی، کارمەندانی هەرسێ بەڕێوەبەرایەتی خەریکی راهێنانن لەسەر ئەو تاوەرانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەمەولا دەستی کارمەندانی بەرگری شارستانی دەگاتە بەرزترین خاڵی هەموو باڵەخانەیەک و دەتوانن بە نوێترین تەکنۆلۆژیای مۆدێرن ژیانی هاونیشتیمانیان رزگار بکەن و ئاگر بکوژێننەوە.
وەک وەزارەتی ناوخۆ باسی کردووە، ئەو تاوەرانە لە عێراقدا هاوشێوەیان نییە و تەنها لە هەرێمی کوردستان خراونەتە خزمەت هاوڵاتیان، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا، درۆنیش لە پرۆسەکانی ئاگرکوژاندنەوە دەبینن.