گفتوگۆی جدی كرا
چین دەیەوێت كارگەی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر دابمەزرێنێت
964+
ئهرسهلان عهبدوڵا
هەوڵێک بۆ دامەزراندنی کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل لە هەولێر هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ گفتوگۆیەکی فراوان له نێوان ژووری بازرگانی و پیشهسازیی ههولێر و گرووپی كۆمپانیاكانی IAT کرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8.2.2026 ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە سەرۆكایەتی گەیلان حاجی سەعید و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و ئەندامانی ژوورەكە پێشوازییان لە ئەمیر سەعدەتی، نوێنەری گرووپی کۆمپانیاکانی IATی بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلی چینی کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە شێوەیەکی ئۆنلاین جێگری سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی ناوبراو ئامادەبوون، تەوەرەی سەرەکی تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ دامەزراندنی کارگەیەکی پیشەسازی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی هاوبەش.
راگەیاندراوی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاماژەی بەوە كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر سوودوەرگرتن لە داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی کۆمپانیا چینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی گەورە و تەکنیکیی گرووپی IAT سەردانی هەولێر بکەن بۆ دیاریکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکانی دامەزراندنی کارگەکە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئامادەیی تەواوی ژووری نیشاندا بۆ هەر جۆرە ئاسانکارییەك کە ببێتە هۆی راکێشانی کارگە
جیهانییەکان بۆ ناوخۆی هەرێم، هاتنی کۆمپانیایەکی وەك IAT وەك نیشانەی متمانەی کۆمپانیا جیهانییەکانە بە بازاڕی کوردستان پێشان دەدات.