پشکنینی ئۆتۆمبێل - وێنە: 964
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ:
“نووسراوەكەی “هەززە” سەحب کرایەوە و کاری پێناکرێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوای ئەوەی ئەمڕۆ كۆمپانیای OPVI كە كاری پشكنین هونەریی ساڵانەی ئۆتۆمبێل دەكات و بە “هەززە” ناسراوە، لە نووسراوێكدا رایگەیاند ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەززەی ساڵانە نەكەن دووچاری سزا و غەرامەكردن دەبن، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئاگادارییەكدا نووسراوی كۆمپانیاكەی رەتكردەوە و رایگەیاند ئەو نووسراوە كاری پێناكرێت.
هێمن میرانی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك ئەمڕۆ یەكشەممە 8.2.2026 بە كورتی نووسیویەتی “بۆ ئاگاداری هەموو لایەک ئەو نووسراوەی OPVI سەحب کرایەوە و کاری پێناکرێت”.
میرانی هەروەها نووسیویەتی، “لەگەڵ ئەوەش بۆ سەلامەتی خۆمان پێویست وایە ساڵانە و بەردەوام پشکنینی توندوتۆڵی بۆ ئۆتۆمبێلەکانمان بکەین”.
بەهۆی قەیرانی دواكەوتنی موچە و بارودۆخی دارایی، هەروەها بەهۆی کەڵەکەبوونی سزای كامێرای تۆماری سەرپێچی، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی كوردستان ئۆتۆمبێلەكانیان نەبردووە بۆ پشكنین، چونكە بەپێی رێنماییەكانی هاتوچۆی هەولێر، هەر شۆفێرێک بچێت بۆ ئەنجامدانی پشكنینی ساڵانە “هەززە” ناچار دەكرێت بچێت قەرزەكانی كامێرای تۆماركردنی سەرپێچی بدات، ئینجا مامەڵەكەی بۆ جێبەجێ دەكەن.