رێگەیان پێنادرێت بەرهەمەکانیان بگوازنەوە خوارووی عێراق
کاسبکارانی عەلوەی کەلار دیسان لەبەردەم بازگەی باوەمەحمود گردبوونەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
جارێکی تر کاسبکارانی عەلوەی کەلار لەبەردەم بازگەی باوەمەحمود لەسەر رێگای خانەقین گردبوونەوە و دژی رێگریکردن لە بردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق ناڕەزایەتیان دەربڕی.
کاروان ئەبوبەکر یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “کەس نایات بە ھانامانەوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەر بکرێت، ئەگەر ئاوھا بڕوات مەرزی پەروێزخان و عەلوەی کەلار پەکیان دەکەوێت و داھاتیان نامێنێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ھەندێکجار چارەسەر دەکرێت، بەڵام چارەسەرەکان کاتییە و تەنیا بۆ یەک رۆژە.
زیاتر لە مانگێکە لە بازگەی باوەمەحمود رێگا نادرێت ھیچ بارھەڵگرێک بار بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق، هەفتەی رابردوو نازک ئەحمەد پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق چووە بازگەکە و وتی، کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام ئەوەتا دیسان بەڕووی کاسبکاراندا داخراوەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری