"ئەگەر نەتانتوانی دەرچن لە ماڵەکانتان بمێننەوە و خۆراک و دەرمان کۆبکەنەوە"
ئەمریکا داوا لە هاوڵاتییانی دەکات دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن
964+
ژێوار خدر
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلە و کتوپڕی ئاراستەی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد لە ناو خاکی ئێران و داوای لێکردن دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی هەردوو وڵات لە عەمان دەست بە گفتوگۆ بکەن.
بەپێی هەواڵێکی CNBC عەرەبی، واشنتن داوای لە ئەمریکییەکان کردووە چاوەڕێی هاوکاری حکومەت نەکەن و پلانێکی بەدیلیان بۆ چوونە دەرەوە هەبێت، وەزارەتی دەرەوە ئامۆژگاری کردوون ئەگەر رێگەکە سەلامەت بوو، لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو تورکیا یان ئەرمینیا بڕۆن، ئەگەر نەشیان توانی بچنە دەرەوە، پێویستە لە شوێنێکی پارێزراودا بمێننەوە و بڕی پێویستی خۆراک، ئاو و دەرمان بۆ خۆیان دابین بکەن.
ئەم پەیامە کتوپڕەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە مەسقەتی پایتەختی عەمان، نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەتۆمی کۆببنەوە، دەرچوونی ئەم هۆشدارییە لەم ساتەدا، ئاماژەیە بۆ زیادبوونی توندیی گرژییەکان و ئەگەری شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە.