"بەبێ پارە دەست بەکار ناکەینەوە"
کار کردن لە رێگەی دەربەندیخان – زەڕایەن دووبارە وەستا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بڕیار بوو لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بێت، بەڵام پاش تێپەڕبوونی 10 مانگ تەنیا 15%ی کارەکانی کراوە، کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی دەربەندیخان – زەڕایەن بۆ جاری دووەم لە ماوەی یەک مانگدا وەستا و کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێت “بە بەڵێنی بێ پارە کار ناکەین.”
پڕۆژەی رێگەی دەربەندیخان – زەڕایەن کە درێژییەکەی 18 کیلۆمەترە، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، بەڵام لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان کارکردن تێیدا وەستا، دوای بەڵێنی خەرجکردنی پارە، لە 18ـی مانگی رابردوو دەستکرایەوە بە کارکردن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک نەگەیشتە کۆمپانیاکە، جارێکی دیکە ئامێرەکان وەستان.
رابەر سەعید، بەڕێوەبەر و ئەندازیاری پڕۆژەکە بە 964ـی وت، “چەند رۆژێکە کارکردنمان راگرتووە، چونکە بەپێی ئەو ئیشەی کردوومانە پارەمان بۆ خەرجنەکراوە، مانگی رابردوو تەنیا 10 رۆژ ئیشمان کرد و هیچ پارەیەکمان نەبینی، بۆیە بڕیارماندا کارەکان بوەستێنین و ئەمجارە تا پارە وەرنەگرین، دەست بەکار ناکەینەوە.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر