دیمەنی چەند ئۆتۆمبێلێک کە لە لافاوەکەی چەمچەماڵ ژێرئاو کەوتوون – وێنە؛ قایمقامیەتی چەمچەماڵ
لەو پارەیەی کە لە هاوکارییەکان ماوەتەوە
نۆ ملیار دینار لە چەمچەماڵ دەکرێتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری
964+
ژێوار خدر
نزیکەی نۆ ملیار دینار لە پارەی هاوکارییەکانی قەزای چەمچەماڵ ماوەتەوە و بڕیاردرا هەمووی بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بەتایبەت بەرگرتن لە مەترسی لافاو خەرج بکرێت؛ پارەکە بە نەقدی لە بانکی چەرمووە و لەرێگەی “تەنفیزی راستەوخۆ”وە پڕۆژەکانی پێ جێبەجێ دەکرێت.
قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، لە کۆی 14 ملیار و 500 ملیۆن دینار کە وەک هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکرابووەوە، پاش خەرجکردنی سێ هەزار و 257 چەک بۆ قەرەبووی ماڵان، دوکان و ئۆتۆمبێل، بڕی هەشت ملیار و 758 ملیۆن دیناری لێ ماوەتەوە، چاودێری دارایی لە راپۆرتەکەیدا پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکانی بە “ئەرێنی” نرخاندووە و ئێستا تەواوی پارە ماوەکە گواستراوەتەوە بۆ هەژماری بانکی بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکان.
دەشڵێت، لیژنەیەکی نوێ بە سەرپەرشتی قایمقامی چەمچەماڵ پڕۆژە پێشنیارکراوەکان جێبەجێ دەکەن، نەهێشتنی مەترسی لافاوە لە رێگەی تەواوکردنی چەناڵەکانی ئاو لە بناری مەقانەوە بۆ دەرەوەی قەزاکە لەپێشینەی کارەکانیانە، پڕۆژەکانیش بەشێوەی “تەنفیزی راستەوخۆ” دەبن تاوەکو کەمترین تێچوویان هەبێت و زۆرترین خزمەت بە ناوچەکە بگەیەن