سلێمانی
“دەمانچەیان لەسەر سەرم دانا و پارەكەیان برد”
964+
ئەحمەد محەمەد
لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، دوو كەس بە چەكەوە دزییان لە نووسینگەیەكی ئالوگۆڕی دراو كرد و نزیكەی 50 هەزار دۆلاریان برد.
خاوەن نووسینگەكە شاڵاو عەبدوڵایە و ئەمڕۆ سێشەممە 3.2.2026 بە 964ی راگەیاند، رووداوەكە شەوی رابردوو بوو، دوو دز بە چەكەوە هەڵیانكوتایە سەرم و دەمانچەیان لەسەر سەرم دانا، دەمامكدار بوون و جانتایەكیان پێبوو، یەكێكیان پارەكانی كۆكردەوە و دواتر لە ژێر هەڕەشە بە ماتۆڕەكەیان رایانكرد.
وتیشی، كە هاتنەژوورەوە دەرگایان داخست و گلۆپەكانیان كوژاندەوە، ئەو پارەیەی بردوویانە دراوی جۆراوجۆر بوون و بە گشتی نزیكەی 50 هەزار دۆلاریان بردووە.
هەر لە بارەی رووداوەكە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رائید ئاری لەتیف بە 964ی راگەیاند، خەریكی لێكۆڵێنەوەن و ڤیدیۆی كامێراكانی چاودێرییان لایە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەمامكدارن، هێشتا نەیانتوانیوە دەستنیشانیان بكەن و دەستگیریان بكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا