60 رۆژە بەشەخۆراک دابەشنەکراوە
نرخی برنج و ئارد و رۆن بەرزبووەوە
+964
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ماوەی دوو مانگە وەزارەتی بازرگانی عێراق بەشەخۆراکی مانگانەی دابەش نەکردووە، ئەمەش وایکردووە نرخی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکان لە بازاڕەکانی کەرکوکدا بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
جگە لە دواکەوتنی بەشەخۆراک بۆ ماوەی 60 رۆژ، کێشەیەکی تر لە نێوان وەزارەت و بریکارەکانى خۆراکدا دروست بووە؛ وەزارەتی بازرگانی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ بریکارەکانی دیاری کردبوو کەمی کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بریکارەکان ئامادە نەبن بڕە خۆراکەکان لە کۆگاکان وەربگرن و دابەشی بکەن.
بەهۆی ئەم قەیرانەوە، نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا بەم شێوەیەی لێهاتووە:
برنجی تایلەندی (50 کیلۆیی): لە 25 هەزار دینارەوە بووە بە 47 هەزار دینار.
برنجی ئەمریکی (50 کیلۆیی): لە 17 هەزار دینارەوە بووە بە 32 هەزار دینار.
کارتۆنێک رۆنی زەیت (24 دانەیی): لە 35 هەزار دینارەوە بووە بە 45 هەزار دینار.
فەردەیەک ئارد: لە 19 هەزار دینارەوە بووە بە 32 هەزار دینار.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح