فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی وارماوا . فۆتۆ: 964
سەردانیان مەکەن
فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی وارماوا بەهۆی بێ كارەبایی کارەکانیان راگیرا
+964
بڕوا مەجید – زەڕایەن
بەهۆی سووتانی محاویلەی کارەباوە کارکردن لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی ناحیەی وارماوا رادەگیرێت، سبەینێ فەرمانگەکە دەوام ناکەن و سەردانیان مەکەن
ئارام شەهید فەتاح، لێپرسراوی فەرمانگەی کارتی نیشتمانی وارماوا بۆ 964 وتی، ” ئاگاداری هاوڵاتیانی سنووری فەرمانگەکەمان کردووەتەوە سبەینێ سەردانمان مەکەن، چونکە دەوام ناکرێت و کارەکانمان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە راگیراوە، لە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکە ئاگاداریان دەکەینەوە”
تەیمور سەرحەد، لێپرسراوی هۆبەی کارەبای زەڕایەن، بۆ 964 وتی، “کارنەکردنی فەرمانگەی کارتی نیشتمانی وارماوا هۆکاری نەبوونی کارەبایە، چونکە ئەو محاویلەی کارەبای فەرمانگەکە و چەند فەرمانگەیکی تری وەک ئاو و ئاگرکوژێنەوە دابین دەکات، 24 کاتژمێرییە و سووتاوە، ئەمڕۆ تیمەکانمان هەوڵی گۆڕینی محاویلەکەیان داوە دانەیەکی تریان لە جێگای دانا، بەڵام ئەویش سووتا ”
ئەوەشی وت، “ئەمشەو محاویلەیەکی نوێمان هێناوە و سبەینێ ئێوارە هەوڵدەدەین کێشەکە چارەسەر بکەین، بەهۆی سووتانی محاویلەکەوە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی ناتوانن دەوام بکەن، بەڵام دوو فەرمانگەکەی تر بۆ چارەسەری بێکارەبایی مۆلیدەی خۆیانیان هەیە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا