هەڵەبجە.. ژنان حاکمی شارن
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
لە پایتەختی ئاشتی، ژنان حاکمن و خەڵکەکە بە متمانەوە گوزەرانی خۆیان داوەتە دەست کۆمەڵە ژنێک و دەڵێن، گرنگ ئەوەیە بە دڵسۆزییەوە خزمەتی شارەکە بکەن.
رەگی ئیدارەدانی شار لەلایەن ژنان لە هەڵەبجە مێژووی هەیە، عادیلە خانم 100 ساڵ پێش ئێستا قایمقامی شارەکە بووە.
ئێستا لە هەڵەبجە، پۆستە ئیدارەییەکانی قایمقام، سەرۆکی زانکۆ، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و گەشتوگوزار، مافی مرۆڤ، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەیەت، بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەری و دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە بەدەست ژنانەوەن.
مەهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە دەڵێت: هەرچەندە رێژەیەکی بەرچاو لە ژنان پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە بەڕێوە دەبەن، بەڵام چاومان لەوەیە کە رێژەکە زۆر لەوەی ئێستا هەیە بەرزتر بکەینەوە.
لای خۆیەوە نوخشە ناسیح، قایمقامی شارەکەیە و دەڵێت: خۆشحاڵین کە زۆرترین ژن لە هەڵەبجە لە کایە ئیدارییەکان دایە، ئەمەش هەروا خۆڕسکانە نەبووە بەڵکو لە مێژووی هەڵەبجەدا توانا و بەهرەی ژنان رەنگی داوەتەوە.
ناجی ساڵح، کاسبکارێکی ناو بازاڕی هەڵەبجەیە و دەڵێت: بۆ ئێمە جیاوازی نییە کە ژن شارەکە بەڕێوە ببات یاخود پیاو، گرنگ ئەوەیە بە دڵسۆزییەوە کارەکەی خۆی بکات.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق