تۆم باراک
"زمانی کوردی و مافی هاووڵاتیبوون جێگیر کران"
تۆم باراک: رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق وەرچەرخانێکی مێژووییە
964+
وریا فەتاح
تۆم باراک، نێردەى ترەمپ بۆ کاروبارى سوریا، لە پەیامێکدا رێککەوتنی گشتگیری نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی بە “وەرچەرخانێکی مێژوویی و قووڵ” وەسف کرد لە کاروانی ئاشتی و یەکپارچەیی سووریادا.
تۆم باراک لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی: “ئەم هەنگاوە کە بە دانوستانێکی ورد بەدەستهاتووە، رەنگدانەوەی پابەندییەکی هاوبەشە بۆ رێزگرتن و پاراستنی شکۆی هەموو پێکهاتەکانی سووریا.”
بەپێی پەیامەکەی باراک، رێککەوتنەکە چەند خاڵێکی ستراتیژی لەخۆ دەگرێت:
بۆ حکومەتی سووریا:
رێککەوتنەکە دەرفەت دەدات بۆ تێکەڵکردنی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە شێوەیەک کە نوێنەرانی باڵای هەسەدە دەرفەتیان دەبێت لە ئاستی باڵادا بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
بۆ گەلی کورد:
تۆم باراک جەختی لە گرنگیی ئەم ساتەوەختە کردووەتەوە بۆ کورد و دەڵێت: “جێبەجێکردنی مەرسومی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتی، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتیبوون بۆ ئەو کوردانەی پێشتر بێبەش کرابوون.”
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەمەودوا “زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە تەنیشت زمانی عەرەبی” دەبێت و لە ناوچە پەیوەندیدارەکاندا دەخوێندرێت، ئەمەش وەک رێزگرتنێک لە قوربانییەکانی کورد لە شەڕی دژی تیرۆردا.
لە کۆتاییدا باراک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رێککەوتنە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا، ڕاکێشانی وەبەرهێنان و گەڕاندنەوەی متمانە، تاوەکو سووریا جارێکی دیکە ببێتەوە بە ناوەندێکی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.