"لە پێناو یەکپارچەیى خاکى سوریا"

ئیلهام ئەحمەد: رێککەوتنەکە گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانیێ دەکات

964+
وریا فەتاح

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە پەیامێکدا سوپاسی ئەمریکا و فەرەنسای کرد بۆ نێوەندگیریی لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا و ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان گەڕانەوەی ئاوارەکانە.

ئیلهام ئەحمەد لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی: “سوپاسی قووڵی خۆمان بۆ ئەو دەوڵەت و لایەنانە دەربڕین کە نێوەندگیر بوون، لە سەروو هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، کە هەوڵی بێوچانیان دا بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە، کە هەنگاوێکی گرنگە لە کاروانی سەقامگیریدا.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو شارەکان، بە مەبەستی زامنکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی “بەرپرسیارانە و قۆناغ بە قۆناغە”، کە تێیدا شەراکەتی ڕاستەقینە و شکۆی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت.

ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردووەتەوە کە پابەندن بە سەرخستنی ئەم رێککەوتنە لە پێناو یەکپارچەیی خاکی سووریا و چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پەیامێکی مژدەبەخشیشی بۆ ئاوارەکان ناردووە و دەڵێت: “ئەم رێککەوتنە زەمینە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەیەکی ئارام و شکۆمەندانەی خەڵکی عەفرین و سەرێکانیێ بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.”

فەرمی؛ دەقی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بڵاوکرایەوە

فەرمی؛ دەقی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بڵاوکرایەوە