بانگەوازی هاوكاریی دەكەن

نەخۆشخانەکانی قامیشلۆ پێویستیان بە دەرمانی شەكرە و فشاری خوێنە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پزیشكی پسپۆڕ ئەحمەد عیسا لە نەخۆشخانەی شەعب لە قامیشلۆ بە میدیاكانی رۆژئاوای راگەیاند، نەخۆشخانەكانی شارەكە پێویستی زۆریان بە دەرمانی نەخۆشییەكانی شەكرە و فشاری خوێن و هەروەها كەلوپەلی و پێداویستی پشكنین هەیە.

شاری قامیشلۆ لە هەرێمی جەزیرە بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی هێزەكانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا، كەوتووەتە ژێر گەمارۆ، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی شارەكانی رەققە و تەبقە و حەلەب بەرەو جەزیرە چوونە، ئەمەش پێویستی بە جۆرەها یارمەتی، بە تایبەتی هاوکاری پزیشکی زیاتر کردووە.

ئەحمەد عیسا پسپۆڕی پزیشکی ناوخۆ و بەڕێوەبەری بەشی پزیشکی لە نەخۆشخانەی شەعب لە قامیشلۆ (پێشتر نەخۆشخانەی نیشتمانی) بۆ ئاژانسی هاوار روونی کردەوە کە نەخۆشخانەکە بەدەست کەمیی زۆری دەرمانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت ئەوانەی بۆ نەخۆشی شەکرە و نەخۆشانی دڵ، هەروەها دەرمانی زارەکی و ناو خوێنبەرەكان، جگە لە دەرمانی چاودێری فریاگوزاری و حاڵەتی بەپەلە.

ئیدارەی خۆسەر لە دەڤەری جەزیرە رێنمایی سەرجەم دامودەزگا تەندروستییەکانی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی کارکردنیان بەبێ پچڕان، كە ئامانج لێی هێشتنەوەی دامەزراوە پزیشکییەکانە بە کارکردن و دابینکردنی چاودێریی تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی سەرەڕای زیادبوونی فشار و بارودۆخە سەختەکان.

پێشتر ئیدارەی خۆسەر دەرمانی پێویستی لە کارگەکانی دەرمان لە ناوخۆی سوریادا دەكڕی، بەڵام ئێستا وەستاوە.

دكتۆر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان نەخۆشخانەکانی خستووەتە ژێر فشارێکی بێئەندازە، ئەمەش پێویستی بە دەرمان زیاتر کردووە.

هەروەها رایگەیاند پێداویستیان بە كەلوپەلی تاقیگە و پشكنین هەیە، کەمیی دەرمانیش تەنیا لە نەخۆشخانەیەکی دیاریکراودا سنووردار نییە بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو نەخۆشخانەکانی قامیشلۆ هەیە.

د.ئەحمەد عیسا بانگەوازی ئاراستەی مانگی سووری کوردی و رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە کرد کە توانای پێشکەشکردنی پاڵپشتییان هەیە، داوای لێکردن کە گەیاندنی دەرمانی پێویست و پێداویستی پزیشکی خێراتر بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە زۆرەكانی سەریان.

قامیشلۆ و نسێبین؛ کاتێک

قامیشلۆ و نسێبین؛ کاتێک "کوردبوون" دیوارە شوومەکان دەڕوخێنێت