لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
نادیە موراد هاواری رۆژئاوا و شەنگالی گەیاندە ئەمریکا
964+
وریا فەتاح
نادیە موراد، چالاکوانی ئێزدی و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرزی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدا و پرسی پاراستنی مەدەنییەکانی لە شەنگال و رۆژئاوای کوردستان خستە بەرباس.
نادیە موراد بڵاوى کردەوە کە لەگەڵ مایک واڵتز، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین باڵیۆز و سەرکردەی جیهانی کۆبووەتەوە.
وەک ئەوەى باسى کردووە، لە کۆبوونەوەکاندا مەترسییەکانی سەر خەڵکی شەنگال و ئەو هاوارانەى لە رۆژئاواى کوردستان پێی گەیشتوون، گەیاندووەتە ناوەندە جیهانییەکان. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت رێگری لە فراوانبوونی جەنگ بکرێت و کەمینەکان لە عێراق و سووریا بپارێزرێن.
لە کۆبوونەوەکاندا نادیە موراد داوای سێ خاڵی سەرەکی کردووە:
1. پاراستنی سەقامگیری شەنگال و دابینکردنی هاوکاری بەپەلە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی وەک کۆبانێ و حەسەکە.
2. هەماهەنگی نێوان ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتی مەدەنییەکان.
3. بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان، بەتایبەت مەترسی زیندانیانی داعش و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە شەڕی تیرۆردا بەدەستهاتوون.
لە کۆتاییدا، نادیە موراد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە رێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوان دژی مەدەنییەکان، بەتایبەتی ژنان و منداڵان.