تۆمەتەکان چی بوون؟

دەستگیرکردنی تۆمەتباران فریای عێراق کەوت و لە لیستی مەترسیدار نەما

964+
ئەحمەد مستەفا

دەستگیرکردنی تۆمەتباران فریای کەوت و وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیاند، عێراق لە لیستی وڵاتانی مەترسیدار دەركراوە، و لە پۆلێنی لیستی (E)ـەوە گواستراوەتەوە بۆ لیستی (B)، کە لیستی وڵاتانی سەقامگیرە لە رووی ئەمنییەوە.

ئەمڕۆ وەزارەتەکە سەرجەم ئامادەکارییەکانی تایبەت بە زیارەتی 15ـی شەعبانی لە کەربەلا راگەیاند و لەبارەی دەرکردنی عێراق لە لسیتی وڵاتە مەترسیدارەکان قسەی بۆ میدیاکان کرد.

عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاوانی رێکخراو سەرکەوتوو بوو لە دوورخستنەوەی عێراق لە لیستی خۆڵەمێشی، کە لیستی وڵاتانی مەترسیدارە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا”.

ئەوەش ئەنجامی کارکردن لە ماوەی سێ ساڵدا، بریتی بووە لە دەستگیرکردنی 16,214 تۆمەتبار بە تاوانە تەندروستییەکان، 12,742 تۆمەتبار بە تاوانەکانی قاچاخچێتی، 3,552 تۆمەتبار بە تاوانەکانی فێڵکردن، هەروەها 3,523 تۆمەتبار بە تاوانەکانی گرانکردنی نرخ، 2,941 تۆمەتبار بە تاوانە دارایییەکان، 2,447 تۆمەتبار بە تاوانەکانی کرێکاری بیانی و 1,781 تۆمەتبار بە تاوانەکانی قاچاخچێتی دەرمان.

هەروەک، 726 تۆمەتبار بە دۆسیەکانی سپیکردنەوەی پارە دەستگیرکراون، کە 424ـیان تۆمەتباری نێودەوڵەتی بوون، هەروەها 672 تۆمەتبار بە تاوانی فێڵکردن و 608 تۆمەتبار بە مامەڵەی نایاسایی بە دراوی بیانی، هەروەها مەفرەزەکانی تاوانی رێکخراو 437 تۆمەتباریان بە ساختەکردنی دراو دەستگیرکردووە، کە 188ـیان نێودەوڵەتی بوون، و 202 تۆمەتبار بە تاوانی قاچاخی دراو، کە 29ـیان سنووربەزێن بوون، جگە لە 200 تۆمەتبار بە تاوانی ساختەکاری.

وتەبێژەکە وتی، 31 تۆمەتبار بە تاوانەکانی دراوی دیجیتاڵی (بیتکۆین) دەستگیرکراون، کە 12ـیان سنووربەزێن بوون، هەروەها دەستگیركردنی 22 کەس کە خۆیان وەک پزیشک ناساندووە، هەروەک 3,280 دەرۆزەکەر و 75 تۆمەتبار بە تاوانە ژینگەییەکان دەستگیرکراون، جگە لە دەستگرتن بەسەر هەزاران کارتی (ماستەرکارت) و (کی کارت) لەلای کەسانێک کە لە نووسینگە مۆڵەتپێدراوەکان کاریان کردووە.

وەزارەتەکە توانیویەتی، باندێکی بازرگانیکردن بە شوێنەوار لە پارێزگاکانی بەغدا، دیالە، بابل و سەڵاحەدین هەڵبوەشێنێتەوە، کە دەستنووسی کەلەپوورییان پێبووە، جگە لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی پلاتفۆرمەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە چەکی تێدا دەفرۆشرێت، کە شوێنەکانیان دۆزراونەتەوە و دەست بەسەر چەک و تەقەمەنییە رێگەپێنەدراوەکاندا گیراوە.

هێزەکانی سنوور لە عێراق لە رێگەی ماتۆڕسکیلەوە سنوورەک...

هێزەکانی سنوور لە عێراق لە رێگەی ماتۆڕسکیلەوە سنوورەکان دەپارێزن