"تەنیا بۆ پاراستنی ناوچەکە رێگەپێدراوە"
لە کانتۆنی جەزیرە تەقەی هەڕەمەکی قەدەغەکرا و سزای بۆ داندرا
964+
فەرهاد حەسەن
کانتۆنی جەزیرە، لە رۆژئاوای کوردستان تەقەی هەڕەمەکی و تەقەی خۆشی بەهەموو شێوەیەک قەدەغەکرد و لەمڕۆ بەدواوە تەقەکردن تەنیا بۆ پاراستنی ناوچەکە و دوورخستنەوەی هەڕەشەکان رێگەپێدراوە، بە پێچەوانەوە، سزای تووندی بۆ داندراوە.
دەسەڵاتی ناوخۆی کانتۆنی جەزیرە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ منداڵێک بە هۆی تەقەی خۆشییەوە بریندار کرا ئەم راگەیەندراوەی بڵاوکردووەتەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، کە لە هەندێک بۆنە و گردبوونەوەی گشتی وەکو کاروانی سەربازی، کاروانی پرسە بۆ شەهیدان و هاتنی کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان، لەلایەن هەندێک کەسەوە تەقەی خۆشی و هەڕەمەکی دەکرێت، ئەمەش مەترسی راستەوخۆ بۆ سەر ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی دروستدەکات.
جەخت دەکاتەوە، ئەم جۆرە تەقەکردنە رەفتارێکی مەترسیدار و قبوڵنەکراوە و ترس و ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتواندا بڵاودەکاتەوە، پێشتر رێنمایی بۆ ئەم بابەتە دەرکردبوو کە ئەم جۆرە تەقەکردنە قەدەغەیە و پێشێلکارییەکی یاساییە لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت.
کانتۆنی جەزیرە دەڵێت، ئەمڕۆ لە گەڕەکی عەنتاریەی قامیشلۆ منداڵێک بە سەختی بریندار بووە و هەر بەهۆی ئەم جۆرە تەقەکردنەشەوە زیانێکی بەرچاو بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنیش کەوتووە، بۆ ئام مەبەستەش چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە دەستیان لە تەقەکردنەکەدا هەبووە و رێوشوێنی یاسایی توند بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و هیچ نەرمییەکیان بۆ نانوێندرێت.
روونیدەکاتەوە، کە تەقەکردن لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان تەنیا بە مەبەستی پاراستنی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە لەسەر ناوچەکە هەبێت، دەنا هەرجۆرە تەقەکردنێکی دیکە رێگەپێنەدراوە.
داواش لە دانیشتووانی ناوچەکە دەکات لە هەر بارودۆخێکدا بە تەواوی خۆیان لە تەقاندنی چەک بە دوور بگرن و هاوکار بن لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بە پێدانی زانیاری لەسەر هەر رووداوێکی تەقەکردن، بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی خۆی بکات.