زیندانى ئەقتان
ئیدارەی زیندانەکانی رۆژئاوا:
لە زیندانی “ئەقتان” مێردمنداڵ و قوربانیانی دەستی داعش هەبوون
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، روونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی زیندانی “ئەقتان” لە شاری رەققە بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە بەشێکی زیندانەکە تایبەت بووە بە “نەوجەوانان” و مێرمنداڵان.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەو نەوجەوانانەی لە زیندانی ئەقتان دەستبەسەر بوون، بۆ دوو گرووپ دابەش دەبن:
1. ئەوانەی بەهۆی تاوانی جۆراوجۆر و سکاڵای هاووڵاتیانەوە دەستگیر کرابوون.
2. ئەوانەی وەک “قوربانی” لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بۆ کاری چەکداری و توندوتیژی راکێشرابوون و بەکارھێنرابوون.
ئیدارەی زیندانەکان ئاشکرای کردووە، کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، نزیکەی 3 مانگ لەمەوبەر ئەو نەوجەوانانەیان لە زیندانی تایبەت بە نەوجەوانانەوە بۆ زیندانی “ئەقتان” گواستووەتەوە، تاوەکو پارێزراو بن.
لە روونکردنەوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە:
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مێرمنداڵانە بەپێی “پێوەرە نێودەوڵەتییەکان” بووە.
بەرنامەی گشتگیر بۆ چاکسازیی رەفتاری و ئامادەکردنی دەروونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دانراوە.
ئامانجی ئیدارەی زیندانەکان ئەوە بووە دوای تەواوکردنی ماوەی یاساییان، ئەو مێرمنداڵانە بە شێوەیەکی تەندروست تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی ئیدارەی زیندانەکان دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا زیندانی ئەقتان کەوتە بەر هێرشی گروپە چەکدارەکان و دواتر هێزەکانی هەسەدە لێی کشانەوە.