"پابەندین بە بنەما سەربازی، مرۆیی و ئەخلاقی"

هەسەدە شەڕڤانێکی خۆی رادەستی دادگای سەربازی كرد

964+

فەرهاد حەسەن

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، دوای دوورخستنەوەی شەرڤانێكیان لە ریزەكانیاندا، رادەستی دادگای سەربازیشیان كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەو هەواڵ و وێنانەی كە بڵاوكراوەنەتەوە، شەرڤانەكە لە تەنیشت تەرمی چەكدارانی لایەنی بەرامبەر دەردەكەوێت، ئەمەش پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە.

ناوەندیی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) شەوی رابردوو رایگەیاند، سەرکردایەتیی گشتیی هێزەکانیان بە وردی چاودێری ئەو هەواڵ و وێنانەی ئەم دواییەی کردووە، كە تیایدا شەڕڤانێک لە کاتی وێنەگرتن لە تەنیشت تەرمی چەکدارانی لایەنی بەرامبەر دەردەکەوێت؛ ئەمەش لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر گوندی “خروس” لە باشووری کۆبانی.

دەشڵێت “لە سۆنگەی پابەندبوونمان بە بەها سەربازی، مرۆیی و ئەخلاقییەکان، رادەگەیەنین کە دەستبەجێ ئەو شەڕڤانە لە ریزەکانی هێزەکانمان دوورخرایەوە و رەوانەی دادگای سەربازی کرا بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی پێویست لە بەرامبەری بگیرێتەبەر”.

ناوەندیی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوەشی رایگەیاند، كە جەخت لەوە دەکەنەوە ئەمەی شەرڤانەكە كردوویەتی، رەفتارێکی تاکەکەسی و گۆشەگیرە و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە پرەنسیپەکانی هێزەکانیان ناکات، دووپاتیشی دەكاتەوە كە “هێزەکانی سوریای دیموکرات هەمیشە بە رێزگرتن لە پێوەرە مرۆییەکان و پاراستنی شکۆی مردووان ناسراون، بۆیە دووپاتی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان دەكەینەوە، بەگوێرەی ئەو بەها باڵایانەی کە هێزەکانمان لەسەری دامەزراون”.

هەسەدە: دیمەشق ئاگربەستی پێشێل کردووە

هەسەدە: دیمەشق ئاگربەستی پێشێل کردووە