ئاڵای ئەمریکا لە جنێڤ داگیرا
ئەمریکا بە فەرمی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کشایەوە
964+
ژێوار خدر
پاش ساڵێک لە هەڕەشە و ئامادەکاری، ئەمریکا بە فەرمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پچڕاند و ئاڵای وڵاتەکەی لەبەردەم بارەگای سەرەکی رێکخراوەکە لە جنێڤ داگرت، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو “شکستە گەورانە”ی کە واشنتن دەڵێت رێکخراوەکە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تێیکەوتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی فەرمانێکی جێبەجێکردنەوە کشانەوەی یەکجاریی وڵاتەکەی واژۆ کرد و بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکەش رایانگەیاند، کە هیچ پلانێکیان نییە تەنانەت وەک “چاودێر”یش بگەڕێنەوە ناو رێکخراوەکە.
لەمەودوا ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی نەخۆشییەکان و کارە لە پێشینەکانی تەندروستی، پشت بە هاوئاهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە دەبەستێت و نایەوێت لە رێگەی هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کار بکات.
کشانەوەکەی ئەمریکا بێ کێشە نەبووە، چونکە بەپێی یاسای ئەو وڵاتە دەبێت واشنتن 260 ملیۆن دۆلار قەرزی شایستە داراییەکانی رێکخراوەکە بدات، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوونی مەرجێکی لەو شێوەیە بۆ کشانەوە رەت دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە واشنتن لە چەندین رێکخراوی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کشاوەتەوە و نیگەرانییەکی جیهانی دروست بووە کە ئەم سیاسەتە نوێیەی ترەمپ ببێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیهان.