بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی خانەوادەی قوتابییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت کرد – وێنە؛ پەروەردەی سلێمانی
بەڕێوەبەر چووە ماڵەکەیان
پەروەردەی سلێمانی هاوکاری خانەوادەی قوتابییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات
964+
شۆڕش قادری
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی خانەوادەی قوتابییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت کرد و بەڵێنی هاوکاری پێدان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.1.2026 نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە یاوەری بەڕێوەبەری بەشی تاقیکردنەوەکان و بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، سەردانی خانەوادەی قوتابییەکی کرد بەناوی ئارۆ لە پۆلی پێنجی بنەڕەتی و خاوەن پێداویستی تایبەتە.
باوکی ئارۆ پێشمەرگەیە و خاوەنی چوار منداڵە و منداڵەكانی تریشیان تەندروستیان باش نییە، لە خانویەکی کرێدا دەژین و باری دارایی و گوزەرانیان خراپە.
پەروەردەی سلێمانی چەند وێنەیەکی سەردانەکەی نەژاد عەبدوڵای بۆ ئەو ماڵە پێشمەرگەیە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، مامۆستا نەژاد جەختی كردووەتەوە کە، “ئەرکی ئێمەیە وەک دامەزراوەی پەروەردە نەک تەنیا لەڕووی خوێندنەوە، بەڵکو لەڕووی مرۆیی و کۆمەڵایەتیشەوە لەپشت قوتابییەکانمان بین، بەتایبەت ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و کەسوکاریان پارێزەری نیشتیمانن”.
بەڕێوەبەری گشتی بەڵێنیداوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی خۆیدا، کار ئاسانی و پشتیوانی تەواو بۆ ئارۆ و خانەوادەکەی بکات، وەک وەفایەک بۆ ماندووبوونی باوکی و بارودۆخی تایبەتی خۆی.