بە درۆن هێرشكرایە سەر بارەگای پارتی ئازادی كوردستان
پێشمەرگەیەک گیانی لەدەست دا و یەكێكی دیكە بریندارە
964+
كاروان ساڵحی
بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی دەست 964 كەوتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆردومانی بارەگایەکی پارتی ئازادی کوردستانی ئێران لە سنووری دارەشەكران لە رێگای شاری دهۆك كراوە.
وەك لەو ڤیدیۆیەی دەست 964 كەوتووە، هێرشەكە لە رێگەی درۆنەوە كراوەتە سەر بارەگاكە و پێشمەرگەیەكیان گیانی لەدەست داوە و یەكی دیكەشیان بریندار بووە.
لە ڤیدیۆكەدا كەسێك قسە دەكات و دەڵێت لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هێرشیان كراوەتەسەر و ئاگر لە شوێنەكە كەوتووەتەوە.
رێبازی شەریفی ئەندامی فەرماندەیی سوپای میللیی پارتی ئازای کوردستان بە 964ـی وت، دوای موشەکبارانکردنی بارەگایەکمان لە سنووری پردی، ئەوشوێنەمان جێهێشت و بنکەیەکی دیکەمان کردەوە لە سەر رێگای دهۆک، بە دیاری کراوی لە دارەشەکران، بەڵام بەداخەوە کاتژمێر 5.45 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ لە رێگای درۆنەوە بۆردومان کراین و پێشمەرگەیەکمان بەناوی “نەبەز محەمەدی” تەمەن 40 ساڵ و خەڵکی رۆژهەڵات گیانی لەدەست دا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا