سێ کاتژمێر بۆ کوردستان
لەناو دڵی فەرەنسا هاوار بۆ رۆژئاوا دەکەن: جۆلانی تیرۆریستە
964+
زارا عوسمان – تایبەت بە 964 – پاریس
بە سەدان کەس لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە دەنگی بەرز هاواریان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکرد و دروشمی ژن ژیان ئازادیان دەوتەوەو جۆلانی سەرۆکی سوریایان بە تیرۆریست ناو دەبرد.
خۆپیشاندانەکە ئەمڕۆ سێشەممە 20.01.2026 لە دەرەوەی (لێس ئێنڤالید) بەڕێوەچوو کە یەکێکە لە گۆڕەپانە بەناوبانگەکانی پاریس و گۆڕەپانی قارەمانانی جەنگی فەرەنسایە.
کوردانی دیاسپۆراو چالاکوان و دۆستە فەرەنسییەکانیان کاتژمێر 5:00ی ئێوارە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و ئاڵای هەسەدە پشتیوانی رۆژئاوایان دەکرد و هەموو بەیەک دەنگ دروشمەکانی ”ژن ژیان ئازادی” و ”جۆلانی تیرۆریست” و ”رۆژئاوا و رۆژهەڵات کوردستان یەک وڵات”یان دەوتەوە.
لەدەوروبەری کاتژمێر 8:00ی ئێوارە خۆپیشاندانەکە جۆرێک لە گرژی تێکەوت و هێزەئەمنییەکان وردە وردە بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.
هیچ راپۆرتێکی فەرمی لەبەردەست نییە دەستگیرکردن یا برینداربوون لە خۆپیشاندانەکەدا روویدابێت.