گردبوونەوە و گلەیی دەکەن
لە خورماتوەوە دەنگیان هەڵبڕی؛ کورد دڵی سافە
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
لە خورماتوو خەڵکی خانەخوێ هاتوونەتە سەرشەقام و دەڵێن، کورد لە دڵسافی خۆیەتی تووشی ئەم دۆخ و ناڕەحەتییانە دەکرێ، هاوڵاتییەکیش گلەیی لە مامۆستایانی ئاینی هەیە، وەک پێویست هەڵویستیان نییە.
وا چەند رۆژێکە شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان، بەرگری لە خاکی خۆیان و ئەو ناوچانە دەکەن، کە لە تیرۆر پاکیان کردووەتەوە، بەڵام هێرشی داگیرکاری سوپای عەرەبی سوریا بۆ ناو پارێزگای حەسەکەی کورد نشین، نیگەرانی و ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان لێ کەوتووەتەوە.
ئەمانەش بزانە؛
پێشتر، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڕیاری کشانەوەی لە ناو کەمپی “هۆل” راگەیاندووە و هۆکارەکەشی بۆ “بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی” بەرامبەر مەترسییەکانی داعش دەگێڕێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لە چارەسەرکردنی دۆسیەی داعش هەڵناگرێت، هێزەکانیان ناچار بوون لە ناو کەمپی هۆل پاشەکشە بکەن.
تۆم باراک، نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ کاروبارى سوریا، لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاوى کردەوەتەوە، رایگەیاند، سەردەمی هاوبەشیی سەربازیی ئەمریکا و هەسەدە بەرەو کۆتایی دەچێت و گەورەترین دەرفەت بۆ کوردانی سووریا ئەوەیە، بچنە ناو دەوڵەتە یەکگرتووەکەی سووریا بە سەرۆکایەتی “ئەحمەد شەرع”.
بەپێی پەیامەکەی باراک، ئەمریکا دەیەوێت کوردەکان لە رێگەی رێککەوتنەکەی 18ـی کانوونى 2026ـەوە، ببنە خاوەنی مافی هاوڵاتیبوون و پارێزگاری لە زمان و کولتوورەکەیان بکرێت، نەک وەک قەوارەیەکی جیاواز بمێننەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا