سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی
ترسى لە سەرهەڵدانەوەى داعش هەیە
بۆ راگرتنى شەڕ؛ سەرۆکى هەرێم داوای دەستێوەردانی هاوپەیمانان دەکات
964+
وریا فەتاح
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامیی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی و هۆشداریی دا کە ئەم شەڕە زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکات.
سەرۆکی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەردەوامیی ئەم گرژییانە نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامیی سووریا، بەڵکو سەقامگیریی هەموو ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
نێچیرڤان بارزانی داوایەکی ئاراستەی “هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی” کرد کە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی سەقامگیری و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش جێبەجێ بکەن. جەختیشی کردەوە کە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێم جەختی لە سێ خاڵی سەرەکی کردەوە:
نێوەندگیری: هەولێر لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندیدایە بۆ راگرتنی شەڕ و گەیشتن بە ئاگربەست.
هاوکاری: هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکاری و یارمەتییەک پێشکەش بکات بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
مافەکان: پێویستە مافی کورد و تەواوی پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بن و لە دەستووری داهاتووی ئەو وڵاتەدا مسۆگەر بکرێن.