لە ساڵی 92ـەوەوە بەفری وا نەباریوە و لە باڵای پیاوێک بەرزترە

 حاجی ئۆمەران؛ بەفر ماڵەکانی داپۆشیوە

964+

ئاکام غەفور – حاجی ئۆمەران

ئەگەر دەتەوێت بزانیت بەفری راستەقینە چییە، سەیرێکی حاجی ئۆمەران بکە؛ لێرە بەفر هێندە زۆر باریوە، خەڵک دەبێت بە “کۆڵانە بڕکێ” و بە خاکەناز رێگە بۆ خۆیان بکەنەوە، پیرەپیاوێکی ناوچەکەش دەڵێت لە ساڵی 1992ـەوەوە بەفری وامان نەبینیوە، بەفرەکە هەندێک ماڵی وا داپۆشیوە تەنیا سەری سەقفەکەی دیارە، بەڵام خەڵکەکە نەک هەر بێزار نین، بەڵکو زۆریشیان پێ خۆشە.

دیمەنی ناو حاجی ئۆمەران زیاتر لە فیلم دەچێت؛ بەفرەکە گەیشتووەتە سەر دەرگا و پەنجەرەکان و خەڵک دەبێت بە بێڵ و خاکەناز رێگە بۆ رۆیشتن بکەنەوە، یەکێک لە دانیشتووەکانی ناوچەکە بۆ 964 دەڵێت، بەفرەکە لە هەندێک شوێن نزیکەی دوو مەتر بەرزبووەتەوە، واتە لە باڵای پیاوێک تێپەڕی کردووە.

دەشڵێت “وەزعن لەوپەڕی خۆشییە”، چونکە کارەبایان هەیە و ماڵەکانیان بە سپلێت گەرم کردووەتەوە و زۆر باکیان بەو هەموو سپیاییە نییە.

ئەگەرچی ئۆتۆمبێل بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بجوڵێت و هەمووی کەوتووەتە ژێر بەفر، بەڵام ژیان لە ناو کۆڵانەکان زۆر گەرموگوڕە، گەنجەکان خەریکی بەفرەپشێن و پیاوەکانیش خەریکی بێڵ لێدانن بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ هاتوچۆی خۆیان بکەنەوە، خەڵکەکە دەڵێن “ئەمساڵ زستان تامی داوە” و هەرچەندە ماندووبوونیشی هەیە، بەڵام ئەم دیمەنانە یادەوەرییە کۆنەکانی بۆ نوێ کردوونەتەوە و دڵیان بەو “رەحمەتە” زۆر خۆشە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لە حاجی ئۆمەران مەترو نیوێک بەفر ماوە و بەفری تری تێکرد...

لە حاجی ئۆمەران مەترو نیوێک بەفر ماوە و بەفری تری تێکردەوە