رێگای مەرزی کێلێ - وێنە؛ ئەرشیفی 964
زیاتر لە دوو هەفتەیە داخراوە
هێشتا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی کێلێ دەستی پێنەکردووەتەوە
964+
شۆڕش قادری
زیاتر لە دوو هەفتەیە مەرزی کێلێ داخراوە و تا ئەمڕۆش، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکە ئاسایی نەبووەتەوە.
هەر لەیەکەم شەپۆلی بەفربارینی ئەمساڵ مەرزی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین داخرا، ئەمڕۆ یەکشەممە 18.1.2026 عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە 964ـی وت، ” تاڕادەیەک هاتوچۆی گەشتیاری لە مەرزی کێلێ ئاسایی بووەتەوە، بەڵام ئاڵۆگۆڕی بازرگانی وەستاوە و تائێستاش دەستی پێنەکردووەتەوە”.
“رێگاکە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە بەتەواوەتی پاک کراوەتەوە، بەڵام لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بەباشی خاوێن نەکراوەتەوە و ئەو گەشتیارانەشی دێنە مەرزکە، دەبێت بەشێک لە رێگاکە بەپێ بڕۆن”، عەباس عەزیز وای وت.
داخرانی مەرزی کێلێ پەیوەندی بە بارینی بەفر و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێرانەوە هەیە
ئاماژەی بەوەشکرد، داخرانی مەرزەکە بەشێکی پەیوەندی بە بارینی بەفر و بەشێکیشی پەیوستە بەو گرژی و ئاڵۆزیانەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوە.
مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران، بە دیاریکراوى لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.