"حکومەتی کاتی سوریا بەرپرسیاری یەکەمە"
ئیدارەی خۆسەری: گروپە چەکدارەکان بە ئەنقەست پێشێلکاری ئەنجام دەدەن
964+
فەرهاد حەسەن
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە ئەنقەست پێشێلکاری ئەنجام دەدەن و دووپاتیشیدەکاتەوە کە حکومەتی کاتی سوریا بەرپرسیاری یەکەمە لە کاری ئەم گروپانە.
ئیدارەی خۆسەری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات کە لە نزیکەوە و بەشێوەیەکی مەیدانی چاودێری پێشهاتەکانی ئەم دواییە دەکەن، بەتایبەتی هێرشە بەردەوامەکانی گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی دیمەشق بۆ سەر ناوچەکانیان، کە بووەنەتە هۆی پێشێلکاریی قوڕس لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە.
دەڵێت “ئەم گروپە چەکدارانە بە روون و ئاشکرا پێشێلی ئەو رێککەوتنەیان کردووە کە دوێنێ ئەنجامدراوە، رێککەوتنێکە مەبەست لێی راگرتنی پەرەسەندنەکان و رێگریکردنە لە خوێنڕشتنی زیاتر و رێگەخۆشکردنە بۆ چارەسەرییەکان کە ئاشتی مەدەنی بپارێزن”.
دووپاتی دەکاتەوە، کە حکومەتی کاتی دیمەشق بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم پێشێلکاریانە لە ئەستۆ دەگرێت کە ئەمڕۆ روودەدەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم گروپانە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە ژێردەستەی ئەون و ئەو پێشێلکارییانەشی ئەنجامی دەدەن بە ئەنقەستە.