سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى فەرەنسا
لەبارەى گرژییەکانى سوریا
ماکرۆن پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە دەکات؛ فەڕەنسا ستایشی نێوەندگیرییەکانی هەولێر دەکات
964+
وریا فەتاح
سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بڵاوى کردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنساوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بارودۆخی عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیان بە گشتی تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە پێشهاتە خێراکانی سووریا و هەردوو سەرۆک نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر ئاڵۆزی و پێکدادانەکان دەربڕی و داوایان لە لایەنەکان کرد کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن.
هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی گفتوگۆکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا دووپات کردەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل.
لە بەشێکی تری پەیوەندییەکەدا، سەرۆک ماکرۆن ستایشی رۆڵ و هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد و بە گرنگییەوە باسی لە نێوەندگیرییەکانی سەرۆکی هەرێم کرد بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی سووریا و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا بە فەرمی جێگیر بکرێن، هاوکات سوپاسی پشتگیرییە بەردەوامەکانی فەڕەنسای کرد بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەکان.