"کورد ئیسلامێکى دڵپاکە"
یونس راوى؛ زۆربەى مەلاکان لەبارەى ئەحمەد شەرعەوە هەڵەیان کرد
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
توێژەرێکى ئیسلامى پێى وایە، زۆربەى مەلاکانى کوردستان لەبارەى ئەحمەد شەرعەوە بەهەڵەداچوون، دەشڵێت: ئەوەى دوێنێ لە مزگەوتەکان روویدا سەرەتایەکى نوێیە بۆ ئەوەى کە خەڵکى دەست بە دەستنوێژ چیتر رازى نین بە گوتارێک دژ بە نەتەوەکەیان بێت.
یونس راوى توێژەرى ئیسلامى بە 964ـى وت،”هەزاران مەلا و بانگخواز لە هەرێمى کوردستان هەمان عەقڵییەتى ئەحمەد شەرعیان هەیە و زۆربەشیان لەبارەى ئەحمەد شەرعەوە بەهەڵەداچوون، بۆیە دواى رووداوەکانى ئەشرەفییە و شێخ مەقسود وتیان ئێمە بە هەڵەداچووین لەبارەى ئەحمەد شەرع”.
ئەو پێى وایە، ئیسلامى کوردى دڵپاک و راستگۆیە، بۆیە هەموو ئەوانى تر هاتوون بە دین و لە ژێر ناوى ئیسلامەوە، هێرشیان کردووەتە سەر کورد.
لەبارەى رووداوەکەى دوێنێى مزگەوتى بەختەوەرى شارى سلێمانى کە نوێژخوێنان دژى وتاربێژى مزگەوتەکە دەنگیان هەڵبڕى، یونس راوى وتى،”ئەوەى روویدا سەرەتایەکى نوێیە و چیتر نوێژخوێنان و دەستبەدەستنوێژانى مزگەوت رێگە نادەن وتاربێژ دژى نەتەوەکەى قسە بکات”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح