لایەک سارد و لایەک گەرم
کاسبکارێک؛ شێلم و سەهۆڵ لە تەنیشت یەک دەفرۆشێت
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
لە ناو بازاڕی کەلار، کاسبکارێک دوو شتی تەواو جیاواز و دژ بەیەک دەفرۆشێت؛ شێلمی گەرم و سەهۆڵى لە تەنیشت یەک داناوە و دەڵێت “کڕیار هەر هەیە”.
گەرمیان محەمەد، کاسبکارێکی ناسراوی بازاڕی کەلارە و بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی 35 ساڵە سەهۆڵ دەفرۆشێت، بەڵام ئەمساڵ حەزی کردووە گۆڕانکاری بکات و لەگەڵ سەهۆڵەکەدا، شێلم و پاقلەش بفرۆشێت.
گەرمیان دەڵێت، هەرچەندە ئێستا وەرزی سەرمایە، بەڵام هێشتا بازاڕی سەهۆڵەکەی چۆڵ نییە و “خەڵک هەیە لەم چلەی زستانەشدا هەر دێت و سەهۆڵ دەکڕێت.”
سەبارەت بە خواردنی شێلم، ئەو کاسبکارە ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی کەلار و گەرمیان بە گشتی “شێلمخۆر” نین، بەڵام وەک خۆی دەڵێت “هەر بەشی خۆی مشتەری هەیە و دێن دەیخۆن.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح