مەترسی و ئامادەباشی
هه‌سه‌ده له‌باره‌ی ئەو زیندانانەی چەکدارانی داعشی تێدایە راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه
964+
فەرهاد حەسەن
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) رایگه‌یاند، شانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدەن ئەو گرژییانه‌ی سوریا بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو زیندانانەی کە تیرۆریستانی داعشی تێدایە، ده‌شڵێت، “هێزەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان و هەموو رێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر”.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، ناوەندی راگەیاندنی (هه‌سه‌ده) له راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی ئاسایشی زیندانه‌كانی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا، باسی له‌وه‌كردوه، “لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی کە بەهۆی هێرشەکانی گروپه‌كانی دیمەشقەوە سەپێنراوە، لەگەڵ کاردانەوەی سەربازی و هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدەن ئەو هەڵکشانە بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو زیندانانەی کە تیرۆریستانی داعشی تێدایە”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، “هێزەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان و هەمو رێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ دڵنیابون لە ئاسایشی زیندانەکان و رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی”.
ئەوەشی روونكردوه‌ته‌وه کە “له ئێستا ته‌واوی زیندانه‌كان پارێزراون، بەڵام بەردەوامبونی ئەم دۆخە، لەگەڵ هەڵکشانی سەربازی، رەنگە ببێتە هۆی تێکچونی سەقامگیری گشتی، هەڕەشەی راستەقینە بۆ سەر ئاسایشی ئەو زیندانانەی کە توخمەکانی داعشیان تێدایە”.
هۆشداریشیداوه له‌وه‌ی كه به‌رده‌وامبونی ئه‌و دۆخه “هەڕەشەی گەڕانەوەی ناوچەکە ده‌كات بۆ قۆناغی سه‌ره‌تا، ئه‌وه‌ش دوای چەندین ساڵ لە قوربانیدان لە بەرامبەر تیرۆردا”.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئه‌ندامی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تییه بۆ شه‌ڕی دژی داعش و له كۆتایی ساڵی 2019دا له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌سه‌ده كه زۆرینه‌ی كوردن كۆتایی به خه‌لافه‌تی داعش له ره‌ققه هێنراو و ته‌واوی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆنتڕۆڵكرا، له ئێستا هه‌زاران چه‌كداری ئه‌و ڕێكخراوه له زیندانه‌كاندان و ژن و منداڵانیشیان له كه‌مپی هۆلدان.