بیجان موسەفر، بەڕێوەبەری كۆمپانیای DNO
بەرهەمی کۆمپانیا گەیشتووەتە 500 ملیۆن بەرمیل نەوت
کۆمپانیای DNO: لە 2026 هەشت بیرە نەوتی دیکە لە كوردستان لێدەدەین
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەری كۆمپانیای DNO نەرویجی كە لە كوردستان كاردەكەن، ئاشكرای كرد پلانیان هەیە ئەمساڵ هەشت بیرە نەوتی دیكە لێبدەن و بەرهەمیشیان گەیاندووەتە 500 ملیۆن بەرمیل.
كۆمپانیای DNO شەوی رابردوو كۆنفرانسێكی لە هەولێر ئەنجام دا لە ژێر ناونیشانی ” خاوەنداریەتی کلیلی گفتوگۆکردن 2004- 2025″، كە ژمارەیەک شارەزا و کەسایەتی سیاسی و رێکخراوی بیانی ئامادەی بوون.
کۆمپانیاكە لە کۆنفرانسەكەدا پرۆژەی فراوانکردن و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە ئێستا لە چەندین کێڵگەی نەوتی كوردستان كاردەكەن، لە نێوانیاندا کێڵگەكانی تاوکێ و پێشخابوور لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆنفرانسەكەدا بە شێوەی ژمارە و داتا، ئاستی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت خرایەڕوو، بە تایبەتی دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوت.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای DNO بیجان موسەفر رەحمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەرهەمهێنانی نەوت زۆر زیادی کردووە، مانگی رابردوو توانیمان پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنین و تواناکانمان زۆر زیادی کردووە، ئەو بنکانەی کاری تێدا دەکەین بە گوێرەی ستانداری جیهانییە. وتیشی، بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو گەواهیدەری پابەندی کۆمپانیاکەمانە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دەڵێت: سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییەی لە بەغدا و ناوچەکە بۆمان دروست دەکرا و هێرشە درۆنییەکان، بەڵام بەردەوامبووین تا بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە، هەروەها بۆ ئەمساڵ کار لەسەر ئەوە دەکەین بەرهەمهێنان لە ژمارەیەک بیرە نەوتی دیکە دا بکەین و بەرهەمهێنانی نەوت سەدان هەزار بەرمیل زیاد دەبێت.
بیجان موسەفر، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی کرد، کە بەردەوام هاوکار و پاڵپشتییان بوونە.
“بەرهەمی کۆمپانیاکەمان گەیشتووەتە 500 ملیۆن بەرمیل نەوت و لە 2026 هەشت بیرە نەوتی دیکە لێدەدەن، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان DNO نەوەستاوە و بەردەوام لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی کراوە”، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە وای وت.
کۆمپانیای DNO ، کۆمپانیایەکی نەوت و گازی نەرویجییە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای باکوور و رۆژئاوای ئەفریقا کاردەکات، کۆمپانیاکە لە ساڵی 1971 دامەزراوە و لە بۆرسەی ئۆسلۆ لەناو لیستەکاندایە، خاوەنی پشکە لە مۆڵەتەکانی سەر زەوی و دەریا، هەروەها پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و نەرویج، بەریتانیا، کۆتدیڤوار، هۆڵەندا و یەمەن دەکات .