لە باكووری حەلەب

شەڕ و پێكدادانی سوپای سوریا و هەسەدە سەریهەڵدایەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سوپای سوریای عەرەبی و هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە رۆژهەڵاتی حەلەب جارێكی دیكە رووبەڕوو بوونەوە، ئەو ناوچەیەی دیمەشق هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدات.

هەسەدە لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكدووە، هێزەكانیان رووبەڕووی هەوڵی دزەكردنی هێزەكانی دیمەشقی بووەتەوە لە بەرەی گوندی زوبەیدە لە دەوروبەری باشووری دێر حافر، بەڵام هێزەكە هەڵاتوون و شكستیان هێناوە.

لای خۆیانەوە هێزەكانی سوپای سوریای عەرەبی داوایان لە هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە لەو ناوچانە بكشێنەوە، كە بەدەستیانەوەیە لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب بەرەو باكووری فورات، چونكە بە لای ئەوانە بووەتە “ناوچەیەكی داخراوی سەربازی”.

بە گوێرەی میدیای فەرمی سوریا، سوپای عەرەبی نەخشەی ئەو شوێنانەی بڵاوكردووەتەوە و داوای كشانەوەی هێزەكانی هەسەدەی كردووە، كە شارۆچكەكانی بلدات مەسكەنە و بابیری، قەواس و دێر حافر لە نێوان رۆژئاوای رووباری فورات بۆ باكووری حەلەب دەگرێتەوە.

هەسەدە لای خۆیەوە ئاماژەی بەوەداوە، سوپای حكومەتی سوریا ناوچەی دێر حافری بۆردومان كردووە.

هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئیلهام ئەحمەد بە میدیا جیهانییەكانی راگەیاندووە، “حكومەتی سوریا خۆی بۆ هێرشێكی نوێ ئامادە كردووە و نیەتیان فراوانكردنی هێرشەكانە”.

وتیشی، ئەوان دەڵێن هێرشێكی بچووك بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجام دەدەن، بەڵام ئامانجەكە هێرشێكی فراوانە، ئێمەش بەرگری لە خۆمان دەكەین، بۆ ئەوەی كە بارودۆخەكە خراپتر نەبێ، پێویستە فشار لە حكومەتی سوریا بكرێ هێرشەكانی رابگرێت.
ئەم بەیەكدادان و گرژییانەی باكووری حەلەب لە كاتێكدایە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاندووە، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی حەلەب و دەوروبەری دەکەن و داوا لە لایەنەکان دەکەن لە حكومەتی سوریا و هەسەدە، دان بەخۆدابگرن و بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

ئەمریکا داوا لە هەسەدە و سوریا دەكات بگەڕێنەوە سەر مێز...

ئەمریکا داوا لە هەسەدە و سوریا دەكات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ