قاچی شكاوە

كەسێک لە شاخی پیرەمەگروون هەڵدێراوە و بریندارە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

کەسێکی دیکە کە شاخەوانە ئەمڕۆ لە شاخی پیرەمەگرون هەڵدێراوە و بە پێی زانیارییەکان بریندارە و قاچێکی شکاوە، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا ئەمە دووەمین حاڵەتی هەڵدێرانە لەو شاخە.

رووداوەکە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە 12.1.2026 روویداوە، دوو برا كە بۆ شاخەوانی چوونەتە ئەم شاخە و یەكێكیان لە نێوان گوندی زێوێ و قەرەچەتان هەڵدێراوە.

بەكر عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون بە 964ی وت، دوای ئەم دوو برایە بە مەبەستی شاخەوانی و وێنەگرتن چوونەتە شاخی پیرەمەگروون، بەڵام یەكێكیان هەڵدێراوە و بریندارە.

وتیشی “ئێستا تیمی بەرگریی شارستانیی سورداش و پیرەمەگروون و هێزە ئەمنیەكان بریندارەكەیان هێنانە خوارەوە، بەڵام بەهۆی شكاویی قاچی و سەختی شوێنەكەوە كاتێكی زۆری پێویست بووە تا گەیشتوونەتە خوارەوە”.

ئاماژەی بەوەش كرد، بریندارەكە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی پیرەمەگروون و چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت، ئەگەر پێویست بوو بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی شار دەكرێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە دووەم حاڵەتی هەڵدێرانە لەشاخی پیرەمەگروون لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا، هەمان تیمی بەرگری شارستانی سورداش كە تیمێكی راهێنراوی تایبەتن بریندارەكەیان هێناوەتە خوارەوە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن

بەهۆی هەڵدێرانی ئۆتۆمبێلەکەیان هاوڵاتییەک گیانی لەدە...

بەهۆی هەڵدێرانی ئۆتۆمبێلەکەیان هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا