حەلەب لەژێر بۆردوماندا
دوو درۆن خرانە خوارەوە و هێرشە زەمینییەکان تێکشکێنران
دواین پێشهاتەکانی حەلەب؛
964+
وریا فەتاح
لە نوێترین پێشهاتی مەیدانی شاری حەلەب، هێزەکانی ئاسایش توانیان دوو درۆنی خۆکوژی سوپای سوریا بخەنە خوارەوە و هەوڵێکی پێشڕەوی زەمینیش تێکبشکێنن.
بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانی ئاسایش لە ئاسمانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دوو درۆنی خۆکوژیان پێکاوە و خستوویاننەتە خوارەوە، بێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.
ئەوەشى ئاشکرا کردووە کە هێزەکانی حکومەت هەوڵی پێشڕەوی زەمینییان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێناوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی سەربازیدا رووی نەداوە.
زیانە گیانییەکان:
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم خولەی شەڕ و گرژییەکان، ئامارەکان کە روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆف خستوویەتییەڕوو، بەم شێوەیەن:
یەکەم: نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە (شەش کەس لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، سێ کەس لە گەڕەکێکى تر)، لە نێویاندا 4 ژن و منداڵێک هەن.
دووەم: کارمەندێکى ئاسایش گیانى بەخشیووە و سێ سەربازى سوپاى سوریاش کوژراون.
بەپێى روانگەى سورى، گەڕەکی ئەشرەفییە رووبەڕووی تۆپبارانێکی هەڕەمەکی بووەتەوە و زیانێکی زۆری مادی بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان گەیشتووە.