بۆ جاری 37ـەمین

جارێکی دیکە بۆڕی ئیفراز 3 شکایەوە

964+

فەرمان سادق

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7.3.2023، بۆڕی ئیفراز 3ـی هەولێر شکایەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، لەنێوان کاتژمێر 9:30 بۆ 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ بۆڕییەکە 200 مەتر خوار وێستگەی دابەشکردنی ئاوی ئیفرازی مارعۆدا لەسەر رێگای عەنکاوە بۆ گوندی گەزنە،بۆڕییەکە شکاوە.

“ئەو شوێنەی کە شکاوە، بۆڕییە کۆنەکەیە و هۆکارەکەشی تەکنیکییە”. ئاری ئەحمەد وای وت، ئەوەشی خستە کە تیمەکان ئێستا لەوێن و سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆڕییەکەن و ئەگەری هەیە بۆ بەیانی چاک بکرێتەوە.

بەو شکانەوە، ئەمە جاری 37ـەمینە کە بۆڕی ئیفراز 3ـی هەولێر بشکێت.

بۆڕی ئاوی ئیفراز 3، ئاوی خواردنەوە بۆ 40%ـی دانیشتووانی هەولێر دابیندەکات، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم، داوا لە دانیشتووانی هەولێر دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن.

شکانی بۆڕییەکە لە کاتێکدایە لەئێستادا وەزارەتی شارەوانی سەرقاڵی گۆڕینی بەشێکی بۆڕییەکە.