دیمەنێك لە گەڕەكی تەعجیل لە هەولێر. وێنە:964
كۆبوونەوەی بۆ كرا
گەڕەک و خانووە کۆنەکانی هەولێر بەخۆماڵی و دۆکیومێنت دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەک كرا بۆ پڕۆژەی بەخۆماڵی و دۆکیومێنتکردنی گەڕەک و خانووە كۆنەكانی هەولێر و بۆ ئەمەش لیژنەیەكی دیراسەكردنی وەزعەكە راسپێردرا.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 5.1.2026 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر و بەڕێوەبەری گرێبەستەکانی پارێزگا و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارێزگا، لەگەڵ شاندێکی کۆمپانیای ڤیو پایۆنێر و کۆمپانیای پۆینت پاس لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوە.
ئاماژە بەوەكراوە، بیروبۆچوون لەسەر پڕۆژەیەکی خۆماڵی گەنگەشە کرا، کە بریتی بوو لە دۆکیومێنتکردنی گەڕەک و خانووە کۆنەکانی شاری هەولێر و نۆژەنکردنەوەی مزگەوت و مەدرەسە و شوێنە شوێنەوارییە دێرینەکانی هەولێری پایتەخت، کە پێشتریش هەندێک لەو کارە دۆکیومێنتارییانەی ئەو كۆمپانیایانە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە پراکتیزە کراون.
“پارێزگاری هەولێر، باسی لە دێرینی شاری هەولێر و شوێنەوارە مێژووییەکانی کرد و جەختی لەسەر وردەکاریی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان کردەوە، لیژنەیەکیشی راسپارد بۆ ئەوەی زیاتر دیراسەی بابەتەکە بە شێوەیەکی زانستییانە بکەن و رێوشوێنی گونجاوی جێبەجێکردنی بۆ رێک بخەن”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.
هەولێر شارێكی مێژووییە و دەیان گەڕەک و شوێنی مێژوویی و دێرین و شوێنەواری تێدایە، بەشێك لەوانە ئێستا چۆڵكراون و بەشێكیشیان نۆژەنكراونەتەوە.