پارە لە شۆفێری تەکسی وەرناگرن
کۆمپانیای مستەر تەکسی لە رێگای 964 ەوە روونکردنەوەی دا
964+
رێباز خدر – هەولێر
دوای ئەوەی کۆمەڵێک لە شۆفێرانی تەکسی لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، لە رێگەی 964ـەوە گلەیی و گازندەی خۆیان گەیاند، سەبارەت بە دانانی کابینەیەک لە بازاڕەکە و وەرگرتنی بڕێک پارە لەلایەن کۆمپانیاکەوە و قۆرخ کردنی شوێنی کارەکەیان لە نێو بازاڕەکەدا، کۆمپانیاکە، لە رێگەی 964ەوە روونکردنەوە ی خۆی دا سەبارەت بەم کابینەیەی کە لە نێو بازاڕەکە دا دانراوە.
کارزان اسماعیل، نوێنەری کۆمپانیای مستەر تەکسی بە 964ـی وت، “هەموو ئەو دەنگۆیانەی دەوترێت کە گوایە ئێمە پارە لە شۆفێرانی تەکسی بازاڕی لەنگە وەردەگرین و شوێنەکەیان قۆرخ دەکەین، هەمووی دوورە لە راستیەوە، ئەم کابینەیە تەنیا بۆ ئەو شۆفێرانەیە کە کار لەگەڵ کۆمپانیاکەی ئێمە دەکەن و وەکو شوێنێک بەکاردێت بۆ ئیسراحەتی شۆفێران و یاخود هەر پێویستیەکی تر.
وتیشی، ئەم کابینەیە شۆفێرانی تەکسی بازەڕەکەش دەتوانن سوودی لێ وەرگرن لە وەرزی هاوین و زستان دا.
نوێنەری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئەم کابینەیەمان داناوە بە ئاگاداری و مۆڵەتی شارەوانیە، هیچ کاتیش نابین بە هۆکار بۆ بڕینی رسقی شۆفێرانی تەکسی بازاڕەکە، هەر شۆفێرێکیش ئارەزوو دەکات لەگەڵمان کار بکات ئەوە دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات، هیچ کەسێکیش ناچار ناکەین ناوی خۆیان تۆمار بکەن لەلامان تەنیا بە رەزامەندی خۆی نەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی