زۆربەی بیرەکانی سیتەک و بازیان قەترەیەک ئاویان تێدانیە
964+
ئاودێرعومەر
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئاوی ژێرزەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمبوەتەوە، بەجۆرێک یەک مەتر و 14 سانتیمەتر ئاوی بیرەکانی ئەو پارێزگایە دابەزیوە.
عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی سلێمانی بۆ تۆڕی 964 قسەیکرد دەڵێت: ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەپێی حەوزە ئاویەکان دیاری دەکرێت، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری 11 حەوزی ئاوی هەیە، لەدوای ساڵی 2019-ەوە ئەو پارێزگایە دوچاری کەمی ئاوی ژێر زەوی بوەتەوە.
ئامارە فەرمیەکان دەریدەخەن لەسلێمانی، ئاوی جێگیری ژێرزەوی سەرچنار، عەربەت، لەماوەی سێ ساڵدا 12 مەتر و چوار سانتیمەتر دابەزیوە، شارەزایانی ئەو بوارەش هۆکارەکەی بۆ وشکەساڵی و کەمی باران بارین دەگەڕێننەوە، بەجۆرێک زۆرێک لە بیرەکانی سیتەک و بازیان ئاوی تێدا نییە.
عەباس عەلی ئەوەشی وت “ناتوانین بڵێین هەڕەشەی کەمئاویمان لەسەرە، بەڵام دەبێت هاوڵاتیان لەبهفیڕۆدان و لێدانى بیر، هۆشیاربن و حکومەت ڕێگە بگرێت لە هەڵکەندنی بیر، ئەوەتا لەسلێمانی ناوچەی سیتەک و بازیان پشکی شێریان هەیە لەدابەزینی ئاوی ژێر زەوی، بەهۆکاری هەڵكەندنی بیر”.
لە پارێزگای سلێمانی و دەووروبەری 11 حەوز هەیە، ئاوی هەریەک لەو حەوزانە، لە 2019-ەوە هەتا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمسال، بەم شێوەیە دابەزیوە
حەوزی بنگرد و سورداش 14 مەتر و 63 سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی قەڵادزە -سەنگەسەر چوار مەتر و 89 سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی رانیە -چوارقوڕنە 12 مەتر و 41 سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی چوارتا -بەرزنجە 17مەتر و 39 سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی خورماڵ -هەڵەبجە 17 مەتر و هەشت سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی پێنجوێن حەوت مەتر و سێ سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی سەرچنار- عەربەت 12 مەتر و چوار سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی بازیان 20 مەتر و 59 سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی چەمچەماڵ چوار مەتر و 55 سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی سەنگاو چوار مەتر و پێنج سانتیمەتر دابەزیوە.
حەوزی قەرەداغ 18 مەتر و 96 سانتیمەتر دابەزیوە.
رێژەی باران بارین لەمساڵدا 337 ملیمهتر باران باریوە، بەپێی ستانداردەکانی کەشناسی بێت ئەم ناوچەیە پێویستی بە 550 ملیمهتر باران هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی وتەی کەشناسی بێت ئەم ناوچەیە پێویستی بە 650 ملیمهتر باران هەیە بۆ ئەوەی قەرەبووی کەمی بارانی ساڵی رابردوو بکاتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی