دیمەنیک لە بەفر بارین - وێنە: 964
کەشەکە تەواو سارد دەکت
شارەزایەکی کەشناسی؛ سبەی لە سەنتەری شارەکان بەفر دەبارێ
964+
ئەحمەد مستەفا
سبەی دووشەممە 29.12.2025، قۆناغێکی دیکەی بەفربارینی چڕ، روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، شارەزایەکی کەشناسی بە 964ی وت، لە سەنتەری شارەکانی دهۆک، سلێمانی و هەولێر بەفر دەبارێ.
پلەی گەرما لەناوشارەکان سفر پلە بۆ پێنج پلە لە ژێرسفر دەبێت.
ئەمشەو 28.12.2025، سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی بە 964ی وت، سبەینێ قۆناغێکی تری بەفربارینی چڕ ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش لە ئەنجامی دابەزینی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکور بە رەنگی شینی کاڵ بۆ شینی تۆخ و لە ناوچە سنورییەکان و ناوچە شاخاویەکان بەفر دەبارێت.
هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ بەردەوامی و مانەوەی بارستە هەوا ساردەکە لەسەر ناوچەکان بەفربارین دادەبەزێت بۆ شاری دهۆک و شاری سلێمانی و نزیک شاری هەولێر لە بەشێکی باکوری گەرمیان پلەکانی گەرما شەوانە بۆ ناوچە سنوریەکان دەچێتە 16- بۆ 20- پلە لە ژێر سفر.
ئەو شارەزای کەشناسییە روونی دەکاتەوە، لە ناوچە شاخاوییەکان سفر بۆ 10 پلە لە ژێر سفر، وە ناوشارەکان سفر بۆ پێنج پلە لە ژێرسفر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هەست کردن بەکزەبایەکی ساردی باکور دەکرێت، شەوانە حاڵەتێکی بەستنی ئاو و بەفر روودەدات.