بەرگدرووە پیاوەکان بۆ دوورینی جلی ژنان بەرناکەون
964+
رێژوان مامە قادر-سلێمانی
جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئێستا ژمارەیەکی زۆر بەرگدرووی پیاو هەیە، جلی کوردی ژنان دەدورن و بازاڕیان گەرمە و ژنانیش روودەکەنە دوکانەکانی ئەوان بۆ دوورینی جلەکانیان.
پێشتر وا باوبوو کە خانمان تەنیا لای بەرگدرووی ژن جلەکانیان بدوورن، بەڵام ئێستا پێجەوانە بووەتەوە بازاڕی بەرگدرووی پیاوان گەرمە.
سامان، کە زیاد لە 20 ساڵە کاری بەرگدرووی دەکات، بەوتەی ئەو، سەرەتا کەمتر خانمان سەردانیان دەکردن بەڵام ئێستا موشتەرییان زۆر زیادی کردووە و پیاوان بە سەلیقەتر دەزانن بۆ دوورینی جلەکانیان.
لەگەڵ نزیکبونەوەی وەرزی بەهار و جەژنی نەورۆز، بەرگدرووەکان بەرناکەون بۆ دوورینی جلی کوردی بەتایبەت بۆ خانمان.