پێشمەرگەی هەولێر بە ریمۆنتادا یەکسان بوونی بەسەر شێروانە تۆمار کرد
964+
هونەر فارس- گەرمیان
دوای ئەوەی لە گێمی یەکەم بە دوو گۆڵ لەدواوە بوو، پێشمەرگەی هەولێر لە هەشت خولەک دوو گۆڵی تۆمار کرد و ئەنجامەکەی یەکسان کردوە.
لە گەڕی 20ـەمی خولی نایابی کوردستان یانەی شێروانە میوانداری یانەی پێشمەرگەی هەولێری کرد.
هەر لە دەستپێکی یارییەکەدا یانەی شێراونە باشتر دەرکەوتن، ئەنجامەکەشی ئەوە بوو لە خولەکی 13ـی یارییەکەدا یاریزان محەمەد جەلال گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی شێروانە تۆمار کرد.
دوای گۆڵەکە یاریزانانی پێشمەرگەی هەولێر چەندین هێرشیان بردە سەر گۆڵی یانەی شێروانە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو، لە بەرامبەردا لە خولەکی 34، موسعەب جەمال گۆڵی دووەمی بۆ شێروانە تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە بەکۆتا هات.
گێمی دووەم کە بە گێمی راهێنەران ناسراوە، گۆڕناکارییەکانی سەمیر بابۆی راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر، لەدوا خولەکەکانی یارییەکە ریمۆنتادای بەسەر یانەی شێروانە تۆمار کرد و ئەنجامی یارییەکەی یەکسان کردەوە.
یاریزان هەڵگورد قەیس لە خولەکی 81 و رێکار هاشم لە خولەکی 89 دوو گۆڵەکەی پێشمەرگەی هەولێریان تۆمار کرد.
بەم یەکسان بوونە، پێشمەرگەی هەولێر بە 31 خاڵ لە ریزبەندی دووەم و شێروانە بە 25 خاڵ لە ریزبەندی حەوتەمی خولی نایابی کوردستان دێن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق