پڕۆژەکە گەڕەکەکانی نەورۆز، ئازادی، سماقۆک و کۆچینە دەگرێتەوە
لە ئاکرێ 45 شەقام قیر و کۆنکرێت دەکرێن
964+
ژێوار خدر
لە ئاکرێ دەستکراوە بە پڕۆژەیەکی بەرفراوانی خزمەتگوزاری بۆ قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی 45 شەقام لە چوار گەڕەکی جیاوازی شارۆچکەکە، ئێستا تیمەکان لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا خەریکی کارکردنن و پڕۆسەکە تا کۆتاییهاتنی سەرجەم شەقامەکان بەردەوام دەبێت.
شارەوانی ئاکرێ رایگەیاند، لە گەڕەکی نەورۆز کار لە 11 شەقامدا دەکرێت کە کارەکان بریتین لە تێکەڵەکردن، دانانی کێربستۆن و کۆنکرێتکردن، هەروەها 13 شەقامی دیکەی هەمان گەڕەک کارەکانی تێکەڵەکردنیان تەواو بووە، لە شەقامەکانی دیکەی گەڕەکەکە کارەکان بەردەوامییان هەیە تاوەکو بە تەواوی ئامادە دەکرێن.
دەشڵێت، جگە لە قیرتاوکردن، پڕۆژەکە دروستکردنی ئاوەڕۆ بۆ گەڕەکەکانی سماقۆک و کۆچینە لەخۆدەگرێت، کۆی گشتی ئەو شەقامانەی لەم هەڵمەتەدا کاریان تێدا دەکرێت 45 شەقامن و دابەشبوون بەسەر گەڕەکەکانی (نەورۆز، ئازادی، سماقۆک و کۆچینە)، ئەمەش لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی ئەو ناوچانە.