964 دەنگی گەیاندن
کێشەی دەستگێڕەکانی ناو بازاڕی سەیدسادق چارەسەر کرا
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
دوای ئەوەی 964 داواکاریی ئەو کاسبکارانەی گەیاندە شارەوانیی سەیدسادق، کە عارەبانەیان پێیە، کێشەکەیان چارەسەر کرا و کاتی چوونە ناو بازاڕیان بۆ پێشخرا، پێشتر شارەوانی رێگری لێدەکردن زوو بێنە ناو بازاڕ و شارەوانیش بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندییان دەرکرد و کێشەکەیان چارەسەر کرا.
بەختەوەر عیرفان، کاسبکارێکی بازاڕی سەیدسادق بۆ 964 وتی، دوای ئەوەی 964 دەنگی ئێمەی گەیاند، ڤیدیۆکە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و شارەوانی بانگی کردین و کێشەکەی بۆ چارەسەر کردین، پێشتر کاتژمێر 4:30 خولەکی ئێوارە رێگەیان دەداین بێینە ناو بازاڕ کە خەڵکی لێ نەمابوو، بەڵام لیژنەی شارەوانی هاتنە لامان و وتیان لەمەودوا دەتوانن کاتژمێر 3:00 بێن و کاسبی خۆتان بکەن.
زمناکۆ ئەنوەر، سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق بە 964ـی راگەیاند، ئەو کاسبکارانەی لە رێگەی ئێوەوە داواکارییان کردبوو، بانگمان کردن و کێشەکەمان بۆ چارەسەر کردن و دەتوانن کاتژمێر 3:00 بچنە ناو بازاڕ.
ئاماژەی بەوەش کرد، خەریکی رێکخستنەوەی بازاڕن و پێویستە کاسبکاران بچنە کەپرەکانی پشت عەلوەکە، هەر کەسێکیش شوێنی کاسبیەکەی فرۆشتبێت دەدرێتە دادگا و خاوەن دوکانەکانیش دەبێت مێزەکانیان ببەنەوە ناو دوکانەکانیان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر