سەگی بێ لانە _ وێنە: 964
"خۆپاراستن لێی لەسەرەتادا دەکرێت"
تەندروستی عێراق: ڤاکسینی کوتانی دژە هاری سەگ بەردەستە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی، بەردەستبوونی ڤاکسینی دژە هاری لە هەموو دامەزراوە تەندروستییەکاندا رگەیاند، لە کاتێکدا هۆشداری دا لە مەترسی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە کوشندەیە و ئاماژەی بەوەکرد، کە خۆپاراستن لەم نەخۆشییە تەنیا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای برینداربووندا دەکرێت.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی فەڕمی حکومەتی عێراقی وتووە، نەخۆشی هاری نەخۆشییەکی ڤایرۆسی کوشندەیە، مەرج نییە هەموو سەگێک تووشبوو بێت، بەڵام سەلامەتی تەندروستی وا دەخوازێت کە هەر گازگرتنێکی سەگ وەک حاڵەتێکی کتوپڕ “فریاکەوتن” ئەژمار بکرێت و پێویستە دەستبەجێ سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکرێت.
چارەسەری خۆپارێزی لە نەخۆشی هاری بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، بە پاککردنەوەی وردی برینەکە دەست پێدەکات، پاشان کوتانی ڤاکسین یان مەڵحەمی دژە هاری، کە ژەمی یەکەم لە ماوەی چەند خولەکێک یان کاتژمێرێکی کەم لە دوای پێکانەکە دەدرێت، دواتر بە خشتەیەکی تایبەت دوای سێ رۆژ، و دوای هەفتەیەک، پاشان دوای دوو هەفتە، و لە کۆتاییدا دوای زیاتر لە 20 رۆژ، لەژێر چاودێری تیمێکی پزیشکی پسپۆڕدا.
بە قسەی وتەبێژەکە، ڤایرۆسی هاری زۆر مەترسیدارە و هیچ چارەسەرێکی نییە لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق دوای دەرکەوتنی نیشانەکان، رێژەی مردن دەگاتە 100% ئەگەر چالاکی ڤایرۆسەکە لەناو جەستەی مرۆڤدا دەست پێبکات، بۆیە سەلماوە خۆپاراستن لێی، تەنیا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دوای گازگرتنەکە دەکرێت.
ئێستا، ڤاکسین و مەڵحەمی دژە هاری لە هەموو دامەزراوە تەندروستییەکان بەردەستە، بەتایبەت لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە سەرەکییەکان لە بەغدا و پارێزگاکان، بەدر داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی سەگی بێلانە،” و ئاماژەی بەوە کرد کە “ئەو حاڵەتانەی بە فەرمی وەک تووشبووی هاری لە عێراق تۆمار کراون، ژمارەیان سنووردارە.